X
تبلیغات
وێبلاگی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی شنۆ - بەیتی کوردی لە خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە لەگەڵ ئەدەبی کلاسیک‌دا

وتار

بەیتی کوردی لە خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە لەگەڵ ئەدەبی کلاسیک‌دا

ڕەهبەر مەحموودزادە

 

لە مێژووی لێکۆڵینەوەکانی بەیتناسی‌دا، هەمووکات شیوازە جوداوازەکانی بەیت و باو و بەگشتی لقە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردی، هەر کامەیان بە جودا و بە شێوەیەکی لێکدابڕاو تاوتۆی کراون. لاوک بە ژێرکۆمایەک (زیرمجموعە) لە خەرمانی ئەدەبی زارەکی کوردی و حەیران بە ژێرکۆمایەکی تر حسیاب کراوە. ئەوپەڕی پێوەندی نێوان ئەم دوولقە فۆلکلورییە کە بە رەسمی ناسرابێ و باسی لێوەکرابێ، لەوانەیە هاوسنووری و جیرانەتی بەستێنەکانیان بووبێ، تەنانەت ئەوکاتەی بۆنموونە کار لەسەر بەیتەکان کراوە هەرکام لە بەیتەکان، سەربه‌خۆ لەوانی تر شرۆڤەکراون. سەیدەوان باسێکی تایبەتی لەسەر کراوە و خەج و سیامەند باس و خواسی جوداوازی تری بۆ ئامادەکراوە. دەکرێ بڵێین بەگشتی دوو هۆکار بۆ پێک هاتنی ئەم بارودۆخە، کارێگەرێتی تایبەتیان بووە:

ئەلف. جەخت کردن لە سەر ناوەرۆکی هه‌رکامە لە بەیتەکان بە جودا و گرینگی نەدان بە فۆڕم و پێکهاتەی گشتییان.

ب. جۆرە تێڕوانینێک بۆ بەیت کە گرینگی بەیت هەر بەتەنیا لە زانیارییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و زمانییەکانی ئەم بابەتەدا دەبینێ و بەیت وەکوو بابەتێکی هونەری کە خاوەنی جوانیناسی تایبەت بە خۆیەتی و وەکوو ژانرێکیی ئەدەبی خۆبژیو کە خاوەنی یاسا و رێسای خۆیەتی، بەڕەسمی ناناسێ.

دیارە هەرکام لەم گریمانانە، گرفتی تایبەت بە خۆیان بۆ هەرێمی باس و بابەتەکانی بەیتناسانە ڕەکێش دەکەن. ئەگەر ئێمە هەر بەتەنیا قسە لە سەر ناوەڕۆکی بەیتەکان بکەین، ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە بۆ نموونە مەنزوومەی شێعریی "قەڵای دمدم"ی مەلاکەریم فیدایی، چ جوداوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ بەیتی "دمدم"ی رەحمان بەکر دەبێ؟ یان مەم و زینه‌ وەرگێڕدراوەکەی هەژار چ جوداوازییەکی بنچینەیی لەگەڵ مەم و زینی نوسخەی ئۆسکارمان دەبێ؟ ئەگەر لە وڵام‌دا بڵێین "قەڵای دمدم"ی مەلا کەریم فیدایی لەباری ناوەڕۆکەوە، جوداوازە لە بەیتەکەی رەحمان بەکر. دەکرێ ئەم وڵامە بەم پاساوە ڕەت بکرێتەوە کە ئەم چەشنە جوداوازییە ناوەرۆکییانە، تەنانەت جوداوازی لەمەش زیادتر، زۆر جاران لە نێوان دوو نوسخەی بەیتێکیش‌دا بەدی دەکرێ. ئەگەریش بڵێین جوداوازی ئەم مەنزوومە شێعرییە، لەگەڵ بەیتە فۆلکلۆرییەکە، جوداوازییەکە واوەی جوداوازی ناوەڕۆکی و پێوەندی بەفۆرم و پێکهاتەی هەرکام لەو بابەتانەوە هەیە. ئەو دەم راست دەگەین بەو قەناعەتە کە بۆ ناسینی بەیتەکان جەخت کردنی ڕووت لەسەر ناوەرۆکی بەیتەکان، کەڵکێکی ئەوتۆ نابەخشێ بەو کەسانەی بە ڕاستی بەدوای ناسینی بەیتەوەن. ئەو شێوازە بەیتناسییە وا نەتوانێ بە شێوەیەکی شیکارانە جوداوازییەکانی بەیتێکی فۆلکلۆری لەگه‌ڵ مەنزوومەیەکی شێعریی لێک بداتەوە، شێوازێکی شیاوی پشت پێ بەستن نییە.

دیسان گرفتێکی تر کەهەر گریمانەی ئەلف بۆمانی سازدەکا، ئەوەیە کە بۆ نموونە لەبابەتی وەکوو ئازیزە یان پاییزە یان گەلۆ دا، کەم و زۆر چوارچێوە ناوەرۆکییەکان دیاریکراون. زۆربەی نوسخەکانی پایزە، بە چاوپۆشی کردن لە هەندێک جوداوازی ناگرینگ، ناوەرۆکێکی هاوبەشیان هەیە. ئازیزە و گەلۆش هەروەتر دەی ئەگەر گرینگی باسەکە هەر لە ناوەرۆکی ئەو بەندانە دایە، ئێمە بەچی دەزانین نوسخەیەکی ئازیزە لە نوسخەیەکی دیکە جوان‌تر و هونەری‌ترە؟ بەیتناسێک کە تەواو ئاشنای بەندی گەلۆیە، ئەگەر نوسخەیەکی تازە دۆزراوە لەم بەندەی –کەپێشتر نەیدیتووە- لە بەردەست دابندرێ، تەنانەت بەر لە خوێندنەوەشی، زۆر و کەم دەزانێ بەندەکە باسی چی دەکا، ئەوەی ئەو بەیتناسە لە یەکەم خوێندنەوەی دا سەرنجی دەداتێ، چۆنیەتی دارێژرانی ڕستەکان و ڕادەی ناسک بوونی تەعبیرەکان و بە گشتی شێوەی ده‌ربڕین لەم نوسخەیە دایە و ئەوانە هەموویان لە دەرەوەی بەستێنێکی ناوەرۆکی ڕووتن.

بۆچوونی دووهەمیش بە شێوەیەکی تر لە گرینگی بەیت کەم دەکاتەوە. گومان لەوە دا نییە بەیتی کوردی سامانێکی چڕ و پڕ و دەوڵەمەندی لە زانیارییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و زمانییەکان لەخۆ گرتووە. بەڵام بەم حاڵەشەوە بەیت نە بەتەنیا بابەتێکی مێژوویی یە و نە بابەتێکی کۆمەڵایەتی ڕووتیشە. ئەگەر وابا دەبوو بەهۆی وتارێکی شیکارانەی مێژوویی لەسەر کارەساتی دمدم، هەرچی نوسخەی بەیتی دمدمە وەلا نرابان، بەڕاستی ئەگەر لەبایەخە تایبەتەکانی جوانیناسی بەیت بترازێین، ئەو بەندانەی خوارەوە لە بەیتی دمدم، لەباری مێژووییەوە هەڵگری چ زانیاریگەلێگی بەقەدر و قیمەتن؟

سوارێک هات بە نادری

کەس نییە چەکانی وەرگری

خان دەپرسێ: "ئەوهە کێ‌یە؟"

"خان ئەوە عەزرەتی خدری"

سوارێک هاتووە لەبۆ گەشتێ

بەویە سووڕەتی بەهەشتێ

خان دەپرسێ: "ئەوهە کێ‌یە؟"

"ئەوهە وەیسی ماهی دەشتێ"

سوارێک هاتووە لە کارخانێ

بەویە سووڕەتی ئیمانێ

خان دەپرسێ: "ئەوهە کێ‌یە؟"

"خان شێخ عەبدولقادری گێلانێ"

سوارێک هاتووە هونەرمەندە

ئەسپابی دەعوایەی رەندە

خان دەپرسێ: "ئەوهە کێ‌یە؟"

"خان ئەوهە شاهی نەخشبەندە"

بەڕاستی بڵێی بکرێ ئەم بەندانە وەکوو بەشێک لەو ڕاپۆرتە مێژووییە چاویان لێ بکرێ کەباسی ڕووداوی دمدم دەکێڕنەوە؟ لەوانەیە لە نووسراوە مێژوویەکانیش‌دا، گەیشتن بەو عەینییەتەی هەموو جوداوازییەکان لە هەموو ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان بستڕێتەوە، کارێکی گونجاو نەبێ. بەڵام بەلانی کەمەوە دەکرێ بڵێین لە نووسراوە مێژووییەکان‌دا، گەیشتن بەو عەینییەتە دەتوانێ وەکوو ئامانجێک ـ تەنانەت ئەگەر زۆر دوورە دەستیش بێ ـ لەبەرچاوی هەموو مێژوونووسێک بێ. کەچی ئێمە لەو بەشەی بەیتی دمدم‌دا، لەجیاتی عەینییەتی مێژوویی، لەگەڵ زەینییەتی تایبەتی کوردێک بەرەوڕوو دەبینەوە کە ئەگەرچی باپیرانی لە مەیدانی شەڕێکی نابەرانبەردا دۆڕاون، بەڵام لە چوارچێوەی تایبەتی بەیتەکەدا، دیاری‌کردنی ئارایشتی سوپای هەردووک لا بە مافی خۆی دەزانێ. بۆیە زۆر بەشێنەیی و لە سەرەخۆ، بەوپەڕی تێڕادیوییەوە، سوڵتان مەعرووفی کەرخی و شه‌مسی تەورێزی و ڕابیعەی عەدەوی و سەعدی وەقاز ڕەوانەی ناو سوپای کوردان دەکا و لەبەرانبەر دا هەرچی کافر و مەلعوونە، بە پاڵەوەپەستۆ دەباڵ قۆشەنی هەنگامەی عەجەم دەپەستێ. کەواتە دەڵێین دەقی بەیتی دمدم، وەکوو هەموو بەیتەکانی دیکە دەقێکی هونەری یە.

نیشانەناسی، وەکوو زانستی تاوتۆی کردنی دەلالەتە جۆراوجۆرەکان پێمان دەڵێ هەرچی نیشانەی زانستی یە تەعبیر لە عەینییەتێک دەکا، بەدەر لە شوێن وەرگرتن لە زەینییەتە تاکەکان. بەڵام نیشانەی هونەری تەعبیر لەو زەینییەتانە دەکەن کە دەیانهەوێ لەسەرڕاوە، بەشێوەیەکی تازە جیهان بخوڵقێنیتەوە. بۆیە هیچ لەمپەرێک ڕێگا لە بەیتبێژی کورد ناگرێ هەتا شەڕی قەڵای دمدم بە خەزایەک ببینێ کە ئاڵای نەبی تێ‌دا هەڵکراوە.

ڕوانینی ڕووتی مێژوویی بۆ بەیت تەنانەت ئەم ختووکەیەشمان لە دڵ ده‌هاوێ کە بۆ نموونە نوسخەکانی بەیتی هەمزاغای مەنگوڕ کۆ کەینەوە و بە پێی سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکان، هەڵە مێژووییەکانیان لێ هەڵپەڕتێوین و نوسخەیەکی پاڵاوتە لە بەردەستی خوێنەر بنێین!

مێژوونووس حەقی خۆیەتی بۆ ناسینی زیادتری کەسایەتی کاکەمیر و کاکە شێخ، ئاوڕ لەو نوسخانە نەداتەوە کە لەگەڵ دەقی شەره‌فنامە ناکۆکن و زیادتر ئەو نوسخانەی بەلاوە پەسند بێ کە نێوەرۆکیان لەگەڵ نێوەڕۆکی سەرچاوە مێژووییە باوەڕ پێکراوەکان یەک دەگرێتەوە، بەڵام نە ئەو مێژوو نووسە دەتوانێ بەم پاساوە کە ئەو نوسخانە هەڵەی مێژووییان تێ‌دایە شورت و گومیان بکا و نە بەیتناسیش دەتوانێ لە کاری بایەخ دانان بۆ ئەم نوسخانە، جوانکاری و ناسککارییە هونەرییەکانیان پشت گوێ بخا و هەر بە تەنیا گرینگی بە سەنەدییەتی مێژووییان بدا.

وەکوو دوایین گوتە لەم بارەیه دا دەمهەوێ پرسیارێک ئاراستەی بەیتناسان و خوێنەرانیش بکەم، پرسیارێک کە لەناو چوارچێوەی بارودۆخێکی گریمانەیی دا دەتوانێ بێتە ئاراوە: با وای دابنێین دوو نوسخەمان لە بەیتی "کاکە میر و کاکە شێخ" لە بەر دەست دایە. ناوەرۆکی یەکێکیان لەگەڵ دەقی سەرچاوە مێژووییەکان یەک دەگرێتەوە و ئه‌وی تریان ئەو هاوجووتییە ناوەڕۆکییەی تێ‌دا بەدی ناکرێ بەڵام ئەو نوسخەیەی ناڕێکە لەگەڵ دەقە مێژووییەکان، خاوەنی فۆرمێکی زۆر پتەو و پێکهاتەمەندە و ڕستەکانی زۆر وەستایانە داڕێژراون و تەعبیرەکانی لەوپەڕی ناسکی دان و نوسخەکەی تر لەم ڕووەوە ناگاتە ئاستی ئەمەیان. بەڕاستی لەم حالەتەدا بەیتناسێکی شارەزا، کامە نوسخە بە هونەری تر و گرینگ تر دەزانێ و بێ ئەوەی هەوڵی شورت و گوم کردنی هیچ کامیان بدا، کامەیان بەرزتر دەنرخێنێ؟

بە وەلانانی ئەو شێوە لێکۆڵینەوانەی هەر بە تەنیا جەخت لە سەر لایەنی مێژوویی یان کۆمەڵایەتی بەیت دەکەن، ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە چ مێتۆدێک بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر بەیت لەبار و بەکەڵکە؟ چ جۆرە شیکارییەک دەتوانێ چوارچێوەی بەیتمان پێ بناسێنێ و لە تاوتوێ کردنی دەقە جۆراوجۆرەکان‌دا شارەزامان بکا؟

ئەو بابەتەی لێرەدا دەمانهەوێ بیخەینە ڕوو، هاوچەشنی ئەو بابەتەیه وا لە وەڵامی پرسیارێک‌دا گەڵالە دەکرێ کە لە بارەی چۆنیەتی فێربوونی زمانێکی تازەوه پرسیار دەکا. دوای ئەوەی کەسێک ڕێزمانی زمانێکی تازە فێربوو و تا ڕادەیەکی شیاو ئاشنای وشە و زاراوەکانی ئەم زمانە تازەیە بوو، ئینجا بۆخۆی دەتوانێ ڕستەی رێزمانی تازە کە دەلالەت بۆ مانای دڵخوازی دەکەن، دابهێنێ.

ئایا دەتوانین بەیتیش بە خاوەنی ڕێزمانێکی ئەوتۆ بزانین کە بکرێ یاسا و رێساکانی بدۆزرێتەوە و چوارچێوە گشتییەکەی وێنا بکرێ؟ بەڕاستی دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەو ڕێزمانەی دانە دانە رستەکانی ناو بەیتی پێ دادەڕێژرێ، رێزمانی کوردی بێ، ڕێزمانێکی بووتیقاییش هەیە کە بەگوێرەی ئەم ڕێزمانە تایبەتە چۆنیەتی بەدوای یەکدا هاتنی ڕستەکان و بەندەکان و بە گشتی چۆنیەتی تەرکیبی بەیت، دیاری دەکرێ. دۆزینەوەی چوارچێوەکانی ئەم ڕێزمانە بووتیقاییە، گەورەترین هەنگاوە کە لە بواری بەیتناسی دا دەتوانین هەڵیهێنینەوە.

ئێمە ئەگەر بزانین بۆ نموونە هەر بەندەی حەیران لە سێ بەش پێک دێ و کۆتایی هەر بە شەش لە خۆگری رێکەوەندێکی سەروادارە کە سەرواکەی لەگەڵ سەروای دوو بەشەکەی تر یەکن، ئەو دەم دەتوانین ئەوەندە شارەزاییە وه دەست بهێنین کە بزانین لەو دوو بەندەی خوارەوە، کامەیان بە شێوەیەکی ڕێزمانی داڕێژراون و کامەیان لەم دەربڕینە رێزمانییە بێ به‌رین.

بەندی یەکەم:

ئەمن ده‌ڵێم لەوێ نۆرێ هەتا ئەوێ نۆرێ

ئەوە مەڕ و مێگەلی خۆیان راکێشان بۆ سەر گۆلی دە بەرخ شۆرێ

ئەتۆ دای و خوشکی دە خۆت نەبوون

لە بۆتیان ناردبانەوە بە دیاری هەر دۆڵاغ و گۆرێ

 

بەندی دووەم:

ئەی خودا هاوار ئەی موسولمانان!

کوڕم کوژراوە

بە پیرە سەری جەرگم بڕاوە

نەک هەر فۆرمە فۆلکلۆرییەکان خاوەنی رێزمانی تایبەت بە خۆیانن، بەڵکوو چۆنیەتی ئاڵ و گۆڕ کردنی فۆرمەکان و چۆنیەتی گۆڕانیان لە قاڵب و شێوە گوتنێکەوە بۆ قاڵب و شێوە گوتنێکی تریش، خاوەنی ڕێزمانێکی ڕێک و پێکە.

بەر لەوەی بپه‌رژێینە سەر چۆنیەتی وەدی هاتنی ئاڵ و گۆڕ لە فۆرمی بەربڵاوی بەیتی کوردی دا، با بە شێوەیەکی بەراوردکارانە، ئاوڕ لە بەستێنی ئەدەبی کلاسیک بدەینەوە و قسە لە سەر قالبێکی شێعری کلاسیک بکەین کە لکی چکۆڵەتری لێ بووه‌تەوە و دواتر ئەم لکە وەکوو قالبێکی تازە لە بەستێنی ئەدەبی کلاسیک‌دا بەڕەسمی ناسراوە، ڕووداوێک کە لە بەستێنی بەیتی کوردیش دا ڕووی داوە بەڵام زۆرکەم ئاوڕی زانستی لێ دراوەتەوە.

قەسیدە قالبێکی شێعریی زۆر گرینگ لە شێعری کلاسیکی عەرەبی و فارسی دایە، گرینگی قەسیدە بێژی لە شێعری عەرەب دا تەنانەت بۆ دەورانی بەر لە ئیسلامیش دەگەڕێتەوە و ئەو حەوت پارچە قەسیدە فەسیح و بەلیغە کە بە "معلقات سبع" ناویان دەرکردووە و دەڵێن هۆنراوەی حەوت شاعیری بە نێوبانگی عەرەبی زەمانی جاهیلین و وەختی خۆی لە دیواری کابە هەڵاوەسراون، شاهیدی ئەم بۆچوونەن. فارسەکان ئەم قاڵبە شێعرییەیان لە عەڕەبەکان وەرگرتووە و بۆ مەدحی پادشا و ئەمیرە گەورەکانیان بە کاریان هێناون. (لە بەر ئەوەی لە کۆمەڵگای کوردی دا، حکوومەتێکی نەتەوەیی بەهێز نەبووە کە بە دیاری‌کردنی ناوەندێک، حوکم بەسەر هەموو بەشەکانی وڵاتی کوردان دا بکا، یان ئەگەر هەبووە وەکوو نموونەی فەرمانڕەوایی بەدرخان، زۆرکەم خایەن بووە، هەر بۆیە دەرباری ئاواش نەبووە کە بە پووت زێڕ و زێو بخاتە بەردەمی ئەو شاعیرە مەدداح و پەسن بێژانەی کاریان هەر بەتەنیا هۆندنەوەی قەسیدەی مەدحی بێ. ئەوەتا لە ئیرانیش دا، لە سەدەی شەشەم و حەوتەم بەم لاوە، بە دوای تێک چوونی فەرمانڕەواییەکی بەهێزی ناوەندی لە ئاکامی هێرشی مەغوول دا، گوتنی قەسیدەش بەم شێوەیە لەناو چوو و قەسیدە بێژەکانیش لە مەدحی پادشاکانەوە بایان داوە بۆ پەسنی وەلی و پیاوچاکان.

قەسیدە پارچە شێعرێکی درێژە و تەنانەت جاری وایە هەتا حەفتا بەیتیش خۆی لە بەریەک دەکێشێته‌وە. ئەم قاڵبە شێعرییە لە چوار بەش پێک دێ. بەشی یەکەم (تەشبیب)ی پێ دەڵێن. وشەی  تەشبیب کە لەگەڵ وشەی (شباب) هاوریشەیە، بەمانای یادکردنەوەی هەڕەتی لاوی یە. لەبەر ئەوەی قورسایی زۆرتری هەست و سۆزی ئەم دەورەیە، دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستی و ئەوینداری، کەواتە ئەم بەشەی قەسیدە، زیادتر لەخۆگری شێعری ئەویندارانەیە. هەربۆیە ئەو بەشە سەرەتاییە، جگە لە (تشبیب) بە (تغزل) واتە گوتنی شێعری ئەویندارانە و هەروەها بە (نسیب) واتە گوتنی شێعری ناسک بۆ ژنانیش ناسراوە. دیارە لە بەر ئەوەی بەشی سێهەمی قەسیدە، مەدح و پێهەڵگوتنی پیاوێکی گەورە لە خۆی دەگرێ، دەبێ شاعیر بتوانێ بە شێوەیەکی زیرەکانە بەشی یەکەم یان بەشی تەشبیب لە بەشی سێیەم واتە بەشی مەدح گرێ بدا و لێکیان ببەستێتەوە. ئەوبەشەی کاری ئەو پێوەندی ساز کردنە ماناییە دەکا (تخلص)ی پێ دەڵێن کە بەشی دووەمە و سەرکەوتنی بەرچاوی شاعیریش بۆ رێکخستنی ئەم پاژە کە ئەگەرچی لە هەموو بەشەکانی دیکەی قەسیده کورت ترە بەڵام لە هەمووشیان دژوارترە، (حسن تخلص)ی پێ دەگوترا. دوای بەشی مەدح کە زۆرترین پێوانە لە ڕووبەری قەسیدەکە دەگرێتەوە، لە دوایین بەشی دا کە (شریطه)ی پێ دەڵێن، شاعیر دوعای بەخێر بۆ کەسایەتییە گەورەکە (مەمدووح) دەکا و لە بەر ئەوەی شاعیری قەسیده بێژ لەم بەشەدا زۆرتر هیوای تەمەن درێژی هەتاهەتایی و ژیانی ئەبەدی بۆ مەمدوح دەخواست، ئەم بەشە، (دعای تابید)یشی پێ دەگوترێ کەبەمانای دوعای هەتا ئەبەد مانەوەیە.

نموونەیەک لەم قەسیدە مەدحییانە بەهەر چوار بەشەکانییەوە ئەم پارچە شێعرەی خاقانی یە:

(تشبیب)

ما فتنه بر توایم و تو فتنه بر آینه                     ما را نگاه در تو، ترا اندر آینه

تا آینه جمال تو دید و تو حسن خویش               تو عاشق خودی، ز تو عاشق تر آینه

.........

در آینە دریغ بود صورتی کزو                        ببیند هزار صورت جانپرور آینه

(تخلص)

از روی شاه گیرد نور و ضوء آفتاب                  و ز روی تو پذیرد زیب و فر آینه

(مدح)

سلطان اعظم آنکه اشارات او زغیب                   چونان دهد نشانی کز پیکر آینه

شاهنشهی که بهر عروس جلال اوست                هفت آسمان مشاطه و هفت اختر آینه

(شریطه)

بادت جلال و مرتبه چندان که آسمان                 هر صبحدم برآورد از خاور آینه

ئەوە قاڵبی تایبەتی و فۆرمی گشتی قەسیدە بوو. بەڵام ئه‌م بابەتەی دەمانهەوێ لەم وتارە دا جەختی لەسەر بکەین، باسێکی واوەی باسی ئەم قالب و فۆرمەیە. قەسیدە لە لایەکەوە لەبەر ئەوەی دوور و درێژ بوو و بێبەری بوو لە تایبەتمەندی کورت بڕینەوە و لە لایەکی تریشەوە لە بەرئەوەی بەردەنگەکەی هەر بەتەنیا کەسێک یان کەسانێکی تایبەت بوون، وێڕای ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانەی باسمان کردن، بەرەبەرە لە کورتی و لە کزی دا. بەڵام لە جیاتی ئەو، بەشی یەکەمی واتە تەشبیب هەم لە بەر ئەوەی ناسک ترین و هونەری ترین بەشی قەسیدە بوو و هەم لەبەر ئەوەی سەرنجی جەماعەتێکی یەکجار زۆری بۆلای خۆی ڕادەکێشا، بەرەبەرە لە قەسیدە جودا بووه‌وە و وەکوو قاڵبێکی شێعریی سەربەخۆ بە ناوی "غەزەل" ناوی دەرکرد. لە غەزەل‌دا بەگوتەی نووسەرێکی ئێرانی، مەعشووق جێگای بە مەمدووح لێژ کرد و بە سیمایەکی دڵڕفێنی ئەوتۆ کە تێکەڵاوێک بو لە سێ سیمای مەعشووق و مەعبوود و مەمدووح، هاتە مەیدانی شێعری کلاسیک.  لەبەر ئەوەی شاعیر لە قەسیدەدا، بەر لە دەست‌پێ‌کردنی بەشی مەدح، تەخەللوسی بەناوی مەمدووحه‌کەوە دەکرد، دوای لەکزی دانی قالبی قەسیدە و وە رمێن کەوتنی قالبی غەزەل، تەخەللوس بوو بە کۆتایی غەزەل و شاعیر لە جیاتی ناوی مەمدووح، ناوی خۆی ده‌هێنا.

غەزەل تا ئەو ڕادەیە لە لایەن شاعیران و شێعرناسانەوە گرینگی پێ درا کە دیوانی زۆریەک لە شاعیره گەورەکان، لە راستی‌دا دیوانی غەزەلیات بوو. بەڵام دیسان ئەو قسەیە هەتا ئێستاش لە سەرزاری شێعرناسان بووە کە: "غەزەل تەشبیبی قەسیدەیە". بەم شێوەیە غەزەلێک کە ئەوپەڕی هەتا دە بەیت درێژ دەبووه‌وە جێگای قەسیدەی حەفتا بەیتی گرتەوە و ناوەرۆکی تەڕی وەسفی ئەویندارانە جێگای نێواخنی ئیشکی وەسفی دەستەڵاتدارانی گرتەوە.

حافز لە قەسیدەیەک دا بۆمەدحی دەستەڵاتدارێک دەڵێ:

وزیر شاه‌نشان، خواجه‌ی زمین و زمان               که خرمست بدو حال انسی و جان

قوام دولت و دنیا محمد بن علی                       که میدرخشدش از چهره فر یزدان

بڵێی بەلای شێعر ناسانەوە زیادتر ئەم دوو بەیتەی سەرەوە پەسند بێ یان ئەم دوو بەیتەی خوارەوە کە هەر لە غەزەلێکی حافزەوە هەڵبژێردراون.

آه از آن نرگس جادوو که چه بازی انگیخت           واه از آن مست که با مردم هشیار چه کرد

اشک من رنگ شفق یافت ز بی ‌مهری یار             طالع بی‌شفقت بین که درین کار چه کرد

بەیتی کوردی مەدحی دەستەڵاتداران ناکا. وێک‌چوونی بەیت و قەسیدە، نەک لەم لایەنە ناوەرۆکییەدا بەڵکوو لە لایەنێکی فۆرمی و پێکهاتەیی‌دا زەق دەبێتەوە. بەیتە درێژەکان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی چەندین بەشی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرن کە مەنتیقی فۆرمیی و ناوەرۆکیی ئەم بەشە جۆراوجۆرانە تاڕادەیەک پێکەوە جوداوازییان هەیە.

بەیت لە هەندێک بەشی‌دا بە وەسفی ناسک و ئەویندارانە شێوازێکی لیریک و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ. لەم بەشانەدا زۆرتر وەسف و نزایەکی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەکی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگ دا بەدی دەکرێن:

مەرزینگان هەر لە کن من مەرزینگانە

لە کن من چاوی کۆترە ولێی ون بووە هێلانە

لەکن من بەرخە کۆرپەڵەی دوای مێگەلانە

لە کن من گەوهەری خەزێنەی شاە و سوڵتانە

هەر لە کن من موحتەبەرە، لەبەر دڵانە

یان دەبێ سەری خۆم بەرمەوە گۆڕ و گۆڕخانە

یان دەبێ سەری خۆم بکەم بە کۆی مەیدانە

لە هەندێک بەشی تردا، بەهۆی زەق بوونەوەی کێشەکان (کێشه‌ به‌ مانا دراماتیکییه‌که‌ی)، ڕەنگی دراماتیکی بەیت بەشێوەیەکی تۆخ‌تر خۆی دەنوێنێ. بەیت ئەگەر لە بەشە لیریکییەکەی‌دا مەنتیقێکی ستاتیک و نەرم و نیانی هەیە لە بەشە دراماتیکەکەی‌دا خاوەنی مەنتیقێکی دینامیک و پڕ جووڵەترە. لەم بەشانەدا کارەساتە تراژێیدییەکان بە خێراییەکی زۆر لە حاڵی قەومان دان:

دەجا سواران با وەخڕ بن. جڵەوگیری دوژمن بکەن رۆژی لێ قەومانە

کەلاک دەکەوێتە گۆڕێ و رۆژی دڵ هێشانە...

لەشکر بەرانبەری یەکتری دەبوون، دەنگی قەرەبینایە و رمبی دەم رەشی هەژدە قەماوە شۆڕ مەحموود هەرجارێکی رکێفی بۆ وڵاغی شێرخەزاڵی (؟) دەهێناوە

دوازدە کەسی لە ئەمیر و سەردار عێلان لەسەر پشتی رکێفی فرێ دەداوە.

مەستی مەرزینگانە، دەربەستی مردن نییە هیچ ئاگای لەخۆی نەماوە

وادەزانێ دەستی لە گەردنی مەرزینگان دایە، هەر نازانێ ڕۆژی دڵ هێشانە و قەوماوە

جودا لەم دووبەشە، لە هەندێک بەشی تردا، شێوازی بەیت نە ئەوەندەی شێوازە دراماتیکە پڕ جووڵەکە، تەژی لەکێشە یەو نە ئەوەندەی شێوازە لیریکە نەرم و نیانەکە، ڕاوەستاوە یان بڵێین هەم جووڵەیەکی دراماتیک و هەم نەرم و نیانییەکی لیریکی تێدایە. لەم شوێنانەش دا هۆی دراماتیک بوونی دەق، گوت‌وبێژێکی بەردەوام لە نێوان دووکەسە و هۆی لیریک بوونیشی، ئەوەیە کە ئەم گوت‌وبێژانە زۆرتر ئەویندارانەن و لەبەر ئەوەی وەسفەکان درێژ دەبنەوە و دەلالەت بۆ کردە و کێشە بگۆڕەکان ناکەن بەڵکوو دەلالەت بۆ حاڵەت و وسفە نەگۆڕەکان دەکەن، خەسڵەتێکی راوەستاویان هەیە:

شۆڕ مەحموود هاتە بەر پەنجەرە بانگی مەرزینگانی کرد و گوتی:

کێژێ بێ بەعسەتی، بەعسەت پێ نەدراوی

رەشە رێحانەی ئێستا دەست لێ نەدراوی، نەژاکاوی و هەڵنەکەندراوی

زەردە مەمامن حەفس کردووە لە ژێر کراسی مەخمەڵ دارایی دا بەمیسالی هەرمێ گوڵاوی

تێچووی تەرکە و تورکومانم دەیە بۆم هەڵێنە گۆشە چاوی ...

مەرزینگان ئەگەر چاوی بەشۆڕە مەحموود کەوت، بەرۆکی ئاواڵە کرد و گوتی:

ئەوە کاری بابمە دەتنێرێ بۆ جەنگی جوکلی هەمەوەند و سمێڵ سپی کامەرییە

ئاگاداری تۆبێ ئەلیاس لە بەحرێ و خدر لە چۆلی و لە بەرییە ...

لە پاشت بە جێ نەمێنێ بەژنێکە باریک و دوو کوڵمەی لیمۆییە

لە هەندێک شوێنی تر دا، قورسایی بەیت دەکەوێتە سەر شین گێڕی و نزای عەوداڵانە. لەم بەشانەدا، دیالۆگی ئەویدندارانە جێگای خۆی دەدا بە وایلۆکی مەزڵوومانەی کەسێکی لێقەوماو:

سوارینە وەرن لە دڵێکە من گەڕێن ئەوە چ بووە چ قەوماوە

ئەی لەوی خەبەری لە نەدیو و لە نەکاوە!

کوڕە خۆ ڕاستە دەڵێن شۆڕ مەحموود لە گێزی دەریایە دا خنکاوە

سەڵای گەورە و گرانم لێ ڕابوو کەسم لە ماڵە باوانی نەماوە

شەرت بێ پاش تۆ یەخەی کەتانی من بۆ کەس ئاواڵە نەکراوە

تا ئەو رۆژەی دەڵێن رۆژی قیامەتە و رۆژی عەرشە و خودا دیوانی داناوە.

کەواتە وەکوو ئەنجامگیرییەک دەکرێ بڵێین، لە بەیتەکان‌دا، چەند بەشێکی وەک وەسف و نزا، گێڕانەوەی ڕووداوەکان و شین‌گێڕی، کری بەیت دەچنن، ئینجا لە بەشی گێڕانەوەش‌دا جاری وایە ڕەوتی رووداوەکان خێرا و پڕکێشە دەبێتەوە و جاری واشە بە هاتنی گوت‌و بێژێکی دوولایەنە بێ ئەوەی رەوتەکە تەواو بوێستێ، تاڕادەیەک لە خێراییەکەی کەم دەبێتەوە. لە بەشی وەسف و نزا دا، هیچ ڕەوت و ڕووداو و ئاڵ‌وگۆڕێک بەدی ناکرێ و ئەوەی هەیە پێهەڵگوتنە. بەشی شین‌گێڕی بەچەند هۆ تارادەیەک تایبەتمەندی بەشەکانی تریشی پێ دەبڕێ. هۆی یەکەم ئەوەیە کەسی شین‌گێڕ بە بیانووی شین‌گێڕییەوە، بەشێک لە ڕووداوە تراژێدییەکە دەگێڕێتەوە ڕەنگ‌دانەوەی کێشەکان لەم بەشەدا تاڕادەیەکی کەم وەبەر چاو دەکەوێ. هۆی دووەم ئەوەیە چونکە کەسی قوربانی نزیک و خۆشەویستی کەسی شین‌گێڕە، کەواتە وەسف و نزا و پێهەڵگوتنیش دێتە ناو شین‌گێڕییەکەوە.

لە نێو ئەم بەشە جۆراوجۆرانەدا، جوان‌ترین و ناسک‌ترین و سەرنج‌ڕاکێش‌ترین بەش، دیالۆگی ئەویندارانەی کیژ و کوڕە. هەر ئەو بەشەیە کە لە پێکهاتەی بەیت جودا بووه‌تەوە و وەکوو جۆرێکی فۆلکلۆری سەربەخۆ بەناوی حەیران، درێژەی بە ژیانی خۆی داوە. ئەگەر غەزەل تەشبیبی قەسیدە بێ، حەیرانیش ئەو غەزەلەیە کە لە تەغەزوللی بەیتەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. حەیران بە پێچەوانەی بەیتە درێژەکان، دەتوانێ تەنانەت هەتا سێ ڕستەش کورت بێتەوە. کەواتە هیچ سەیر نییە کە حەیران لەبەر ئەم سووک و چکۆڵە و گردو کۆ بوونە لە لایەک و لە بەر ناسک‌بێژی و جوانکارییەکانی لەلایەکی ترەوە، جێگای بە بەیت لێژ کردبێ و زیادتر لە جۆرە فۆلکلۆرییەکانی تر وەڕمێن کەوتبێ. ئێستا بەم ئاکامە گرینگە دەگەین کە بەر لەوەی لە بارەی جوغرافیاییەوە پرسیار لە شوێنی سەرهەڵدانی حەیران بکەین، دەبێ لەباری فۆرمی و پێکهاتەییەوە، لە چۆنیەتی ئەم سەرهەڵدانە ورد بینەوە. ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە بڵێین حەیران لە دەشتی هەولێر یان ناوچەی موکریانەە سەری هەڵداوە. ئەگەرچی ئێستا ئەم دوو هەرێمە، وەک دوو ناوچەی جوداواز لە ناو جۆغرافیای دوو وڵاتی جیران چاویان لێ دەکرێ، بەڵام لە کاتی سەرهەڵدانی حەیران دا، رۆژهەڵاتی موکریان هەتا رۆژاوای دەشتی هەولێر لە ناو یەک یەکە (واحید)ی جۆغرافیایی‌دا بوونە. لە زەمانی زوو دا ئەو هۆزانەی نیوەی ساڵیان لە کۆیە و بیتوێن و پشدەر، ڕابواردووە، نیوەی تری ساڵیان لە شنۆ و لاجان و سندووس و شاروێران بردووه‌تە سەر و بە پێچەوانە ئەو هۆزانەی نیوەی ساڵ لە کوێستان ژیابێتن، نیوەکەی تری لە گەرمین ژیاون. راستە هۆزی واهەبووە مەودای هێڵی گەرمێن و کوێستان کردنەکەی مەودایەکی بەرتەسک بووبێ، بەڵام بەگشتی ئەو هێڵەی دەشتی هەولێر بە موکریان دەلکێنێ، بەسەر ئەو ناوچانە تێدەپەڕێ کە هەموویان بۆ هۆزە کوردەکان ئاشنا بوونە. هۆی ئەوەی هەندێک تەعبیر و زاراوەی وەکوو بەری سوێسنایەتی و بەری پیران و وڵاتی مەرگە و پشدەرییان و زۆر زاراوەی تری لەم دەستەش هەر لە کۆنەوە لە ئاخاوتنی کوردی دا باوبوونە، ئەمەیە هۆزە کوردەکان سەرەڕای هەموو گەرمێن و کوێستان کردنەکانیان بۆ کاروباری ئاژەڵداری، ناچاربوون بۆ کار و باری کشت و کاڵیش، تارادەیەک خۆیان بە شوێنێکەوە ببەستنەوە. بەڵام کێ هەیە حاشا لەوە بکا کە ئەو خۆ بەستنەوە و مانەوەی وەک ئەو دامەزران و مانەوەیە نەبووە کە کوردەکان لەسەدەکانی نۆزدە و بیست دا بەرەبەرە وەکوو شێوەی ژیان هەڵیانبژاردووە و ئەم شێوە ژیانە بەهۆی سنوورەکانیشەوە هێندەی دیکە پەرەی سەند.

بەراستی کێ هەیە بڵێ عەشیرەتێکی وەکوو مەنگوڕ هەر بەتەنیا خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن یا بڵێ هەر بەتەنیا خەڵکی باشوورن. پەرژ و بڵاوی ئەو شوێنە جۆغرافیاییانەی عەشیرەتی هەرکی تێیاندا نیشتەجێن لە شوێنی نیشتەجێ بوونی مەنگوڕەکانیش زۆرترە و هەر سێک هەرێمی باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. کەواتە با چیتر بە پرسینی ئەو پرسیارە ساویلکانەیە کە حەیران لە کامە ناوچەی کوردستان سەری هەڵداوە، خەریکی دۆزینەوەی وەڵامی لەویش ساویلکانەتر نەبینەوە و نەمانهەوێ بە دەمارگرژییەکی ناوچەییەوە خۆمان لە قەرەی بابەتێکی زانستی بدەین. شوێنی سەرهەڵدانی حەیران، هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە نێوان موکریان و دەشتی هەولێر هەڵکەوتوون. دیارە دوایەش بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم و بە هۆی لێک‌دابڕانی ئەو ناوچانە، حەیرانی دەشتی هەولێر و حەیرانی موکریان لەباری چۆنیەتی بەکارهێنانی تەعبیرەکانەوە نەختێک لێک جوداواز بوونە.

کەواتە لە جیاتی ئەوەی دەربارەی شوێنی سەرهەڵدانی حەیران پرسیار بکەین، باشتر وایە ئەو پرسیارە بهێنیینە گوڕێ کە پێکهاتەی حەیران لە چ پێکهاتەیەکی‌ترەوە سەری هەڵداوە. بۆ ئەوەی باشتر ئەو بابەتە بسەلمێنین کە پێکهاتەی حەیران، بەشێکە لە پێکهاتەی بەیت، با ئەم بەشەی خوارەوە لە گوت‌وبێژی لاس و خەزاڵ له‌گه‌ڵ بەشێکی تر کە لە حەیرانێک هەڵبژێردراوە، هەڵسەنگێنین:

خەزاڵ دەڵێ:

بریا ئەمن دیوە خانێک بوایەم بەرەو قوبڵە، شوعرەی منیان بکێشایە

پەنجەرەی سێ‌دەریان لە پێشی من لێ بدایە

ئێوارە و سبحەینان لێی بدرایە شوبایە

کەسێکی ماندوو بوایە و عێجز بوایە

بیکوتایە ئەوە جێگای ئیسڕاحەتگایە.

لاس دەڵێ: ...

چاوت بە من بمێنێ بە ئەستێرەکەی رۆژێ ئەگەر تازە هەڵدێ پڕیشکان داوێ

بەژنت بە من بمێنێ بە چووزەی پیرە لاولاوێ

سبحەینان تاو لێی نادا گوڵی لاولا وگەشە، نیوەڕۆیان هیچ کەس لێی نابینێ کام و کاوێ

...

حەیران:

دەجا براینە برادەرینە بریا ئەمن گولێک بام لە گوڵی کەس نەناسی

رەخسابام لە نەویان، لە کەویان، لە قووچەکەی بڵباسی

دەلێم بریا شتڵە رێحانێک بام لە سەر هەیوانی ماڵە بابی نازدار حەیرانێ

هەموو ئێوارە و سبحەینانێ ئاوی ئیستکانی دەبن کردبام...

 

بەژنی تۆ بەمن بمێنێ بە کەوێ سەهەند و سۆلاوان

سوورە قورینگێ گەردەن گۆزەڵێ، بەوی خارێ گوڵ بەدەمێ

ئەگەر شەختێ پایزانی لێدەدا لە رووباری پیرە کەڵوێ

بەژنی تۆم بە من بمێنێ بەوێنەی لکە ڕیواسی

ئەگەر بوهاران دێنەدەرێ لەسەر قەبری حاجی مەمێندی غولامکێ لەگەڵ گوڵی بێژانێ

لەوانەیە لە بەیتێک‌دا هەر بەتەنیا بەشی شین‌گێڕییکە مابێتەوە و چۆنیەتی روودانی کارەساتە تراژیکەکە لە ڕێگای شین‌گێڕییەوە بگێڕدرێتەوە. لە راستی‌دا زۆر بەیتی وەک سەیدەوان، سوارۆ، ئەحمەدی شەنگ و کاکە میر و کاکە شێخ بەم شێوەیەن لە بەر ئەوەی لەم بەیتانەدا لە جیاتی ئەو مەنتیقە مەجازییەی لە بەیتە درێژەکان دا وە بەرچاو دەکەوێ، زۆرتر مەنتیقێکی خوازەیی دەبیندرێ، دەکرێ ناوی، "بەیتی خوازەیی" لەسەر ئەم جۆرە بەیتانە دابنێین.

هەر بەم شێوەیە و بە پێی ئەو مێتۆدەی لەم وتارە دا قسەی لێ کراوە، دەکرێ چۆنیەتی سەرهەڵ‌دانی فۆرمە چکۆڵەترەکانی فۆلکلۆری لەناو فۆرمی بەربڵاوی بەیت، شی بکەینەوە.

 

سەرچاوەکان:

1. ئۆسکارمان، تحفە مظفریه، پێشەکی و ساغ‌کردنەوە مامۆستا هێمن، انتشارات سیدیان لل3-212

2. سەلاح پایانیانی، کانی مرادان، انتشارات صلاح الدین ایوبی، ارومیە، 1381، ل 195

3. سەرچاوەی پێشوو، ل 196.

4. میمنت میرصادقی، واژەنامە هنر شاعری، کتاب مهناز، چاپ دوم، تهران، 1376، ێێ 210-208

5. دکتر سیروس شمسیا، انواع ادبی، انتشارات فردوسی، چاپ پنجم، تهران، 1376، ێ 279

6. سەرچاوەی پێشوو، ل 279.

7. لسان الغیب، با تصحیح و مقدمە پژمان بختیاری، انتشارات امیرکبیر، چاپ یازدهم، تهران، 1378، ێ 515.

8. سەرچاوەی پێشوو ل 137.

9. قادر فتاحی، قاچى، شۆر مەحموود و مەرزینگان، انتشارات دانشگاە تبریز، 1348، ێ 72

10. سەرچاوەی پێشوو لل 55-54.

11. سەرچاوەی پێشوو ل41

12. سەرچاوەی پێشوو ل 89

13. قادر فتاحی، قاضى، منظومه کردی لاس و خزال، انتشارات دانشگاه تبریز، 1379، ێ 66.

14. سەرچاوەی پێشوو، ل 70

15. ئەحمەد بەحری، گەنجی سەربەمۆر. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلیمانی 2000، ل 172

16. سەرچاوەی پێشوو، ل 192

ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی شنۆ در چهارشنبه سی ام شهریور 1390 ساعت 8:5 | |